بەشێكی نوێ لە كۆلێژەكەمان كرایەوە بە ناونیشانی: (وتارخوێنی و ڕاگەیاندنی ئاینی).

بەخۆشحاڵییەوە کردنەوەی بەشێکی نوێ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان ڕادەگەیەنین

بەشێكی نوێ لە كۆلێژەكەمان كرایەوە بە ناونیشانی: (وتارخوێنی و ڕاگەیاندنی ئاینی).

كردنەوەی ئەم بەشە دوای خوێندنەوە و بەدواداچونێكی قوڵ دێت بۆ گوتاری ئاینی لە هەرێمی كوردستان، بە ڕاوێژكردن لە گەڵ هەردوو بەڕێزان وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی و سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئيسلامی كوردستان.

دواتر ئەنجومەنی كۆلێژەكەمان، ئەم پێشنیازەی بەرزكردەوە بۆ بەڕێز سەرۆكی زانكۆ، بە سوپاسەوە بەڕێزیان دوای داواكردنی ئەنجامدانی كاری زانستی پێویست لە ئامادەكردنی پڕۆپۆزەڵ بۆ بەشەكە، ڕەزامەندییان دەربڕی بۆ ئەوەی بەرز بكرێتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دواتر بەشەكە بە فەرمی بە فەرمانی زانكۆیی ژمارە: (7768) لە 14/5/2005 بە ئاماژە بۆ نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە: (8220) لە رێكەوتی: (27/4/2025) كرایەوە.

كردنەوەی ئەم بەشە زانستییە بۆ زیاتر ئاشنا كردنی قوتابیانی ئەم بەشەیە لە كۆلێژەكەمان بە ئەركی پیرۆزی پێشنوێژی و وتارخوێنی و كاركردن لە ڕاگەیاندنی ئاینی، لە بەر ئەوە لە پڕۆگرامی ئەم بەشە زیاتر جەخت دەكرێتەوە لە سەر ئامادەكردن و راهێنانی وتاربێژی سەركەوتوو و میانڕەو لە گوتاری ئاینی و شارەزا لە ڕاگەیاندن بە جۆرێك پارێزگاری لە برایەتی و پێكەوەژیان بكات لە نێو كۆمەڵگە و دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

تێكەڵكردنی گوتار و وتاری ئاینی بە ڕاگەیاندن، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئێستادا سۆشیال میدیا و تۆڕەكانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەكی گشتی پەیوەندی پتەویان هەیە لە گەڵ گوتاری ئاینی و وتاری ڕۆژی هەینی، لە بەر ئەوە زۆر گرنگە مامۆستای ئاینی بە تەواوی ئاشنا بێت بە ڕاگەیاندن و چۆنیەتی كاركرن لە گەڵی و خۆپاراستن لە هەواڵی نادروست و كاریگەر بوون بە سایتە ساختەكان.

بەداخەوە لە ئێستادا كەسانێكی ناشارەزا لە ئاین و دوور لە پسپۆریەكانی زانستە ئیسلامیەكان، زۆرجار لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەرنامەی ئاینی پێشكەش دەكەن، یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوتاری ئاینی ئاڕاستە دەكەن، كە ئەمەش كاریگەری خراپ لە داهاتوودا لەسەر تاك و كۆمەڵگە دروست دەكات بەرامبەر تێگەیشتنیان بە شێوازێكی دروست بۆ

بابەتە ئاینییەكان، ئەم بەشە زانستییە دەكرێت وەك بەشێك لە چارەسەر بۆ ئەم كێشانە تەماشا بكرێت.

دیارە كە لە ئێستادا مامۆستای ئاینی دەتوانێت دەزگاكانی ڕاگەیاندن وەك مینبەرێك بە كاربێنێت بۆ كاری بانگخوازی و ئاڕاستەكردنی گوتاری تەندروست بۆ كۆمەڵگەی خۆی، لە بەر ئەوە بە پێویستمان زانی كە ئەم بەكارهێنانە بە شێوازێكی زانستی بێت بۆ مامۆستایان و وتاربێژانی دواڕۆژمان.

ئەم بەشە زانستییە هەموو ئەم بابەتانە و زیاتریش لەخۆ دەگرێت بۆ دواڕۆژێكی پڕشنگدار لە گوتاری ئاینی لە هەرێمی كوردستان.

لێرەدا دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین كە پاڵپشتمان بوون لە كردنەوەی ئەم بەشە زانستییە لە ئەنجومەنی كۆلێژ و سەرۆكایەتی زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا.

هیوادارین ئەم بەشە لە داهاتوودا كەلێنێكی گەورە لە گوتار و ڕاگەیاندنی ئاینی لە هەرێمی كوردستان پڕبكاتەوە.

لە گەڵ ڕێزمان.

پ.د. جمیل علی رسول سورچی

ڕاگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان

زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر

27/7/2025