حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی (سۆز ومیهرەبانی لەڕوانگەی فەرموودەدا) لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ـی ٩ـی ٢٠٢٥ کە دەکاتە ١٨ـی رەبیعی یەکەمی ساڵی ١٤٤٧ کۆچی، لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێز (پ.د. کامەران یونس محمدامین) کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی (مەلا ئەمین بۆ چاپ ولێکۆڵینەوە) بەبۆنەی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت، هەڵسا بە سازدانی کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی (سۆز ومیهرەبانی لەڕوانگەی فەرموودەدا) لە هۆڵی (کوێت) بۆ کۆنفرانسە زانستییەکان، لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان.

لە کۆنفرانسەکە هەر یەکە لە بەڕێزان (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، (پ.د. کامەران یونس محمدامین) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، (پ.د. جمیل علی سورچی) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، (پ.ی.د. جەودەت ئەنوەر هەمینی) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژ، (پ.د. ئیدریس هەرکی) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی، (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، (پ.د. حسين إبراهيم) یاریدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و (پ.ی.د. دیار جباری) نوێنەری وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێم و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر و نوێنەری لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی لیستی زەرد لە پارێزگای هەولێر و بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ و چەندین مامۆستای ئایینی و توێژەر و بەشێکی زۆر لە مامۆستایان وقوتابییانی زانکۆ تیایدا ئامادەبوون.

سەرەتای کۆنفرانس بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز وسرودی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز (پ.د. جمیل علی سورچی) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، وتەیەکی پێشکەش کرد، کە تیایدا بەخێرهاتنی سەرجەم میوانانی کۆنفرانسی کرد، هەروەها باسی لە بابەتەکانی پەیوەست بە کۆنفرانس و ئامانجەکانی کۆنفرانسی کرد، لەگەڵ کورتەباسێک لە پەیامی فەرموودەکانی پێغەمبەرمان (محمد) درودی خوای لەسەربێت، وە چەند فەرموودەیەکی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، بەمەبەستی تێگەیشتن لە ڕەهەند وپەیام ومەبەستە جوانەکانی فەرموودەکان و سۆز ومیهرەبانی پێغەمبەر بەرامبەر بە خەڵک و هاوەڵان و خێزانەکانی و تەنانەت گیانلەبەرانیش، هەروەها سوپاسی ڕێکخراوی مەلا ئەمین و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین وئەندامانی لیژنەکانی زانستی وئامادەکاری وڕاگەیاندنی کۆنفرانسی کرد، دواتر هەریەک لە بەڕێزان (پ.د. کامەران یونس) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و (د. عبداللە سعید وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، وتەیان پێشکەش کرد.

لە بەشێکیتری کۆنفرانسەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، بەخشرا بە ڕێکخراوی (مەلا ئەمین) و دواتر چەند سرود وقەسیدەیەکی ئایینی پێشکەشکرا و وتاری کینۆتی کۆنفرانس لەلایەن هەردوو بەڕێزان (پ.د. عثمان هەڵەبجەیی) و (پ. د.حسن خالد موفتی) خوێنرایەوە.

هەر لە درێژەی کۆنفرانسدا چوار پانێڵ سازکرا، کە هەریەکەیان چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە تەوەری کۆنفرانسی لەخۆگرتبوو، بە بەشداری چەندین کەسایەتی زانستی وئەکادیمی لە زانکۆکانی کوردستان، لەدوای هەر پانێڵێکیشدا، بڕوانامە بە بەڕێوەبەری پانێڵ وپانێڵیستەکان بەخشرا.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا، ڕاسپاردەکانی کۆنفرانس لەلایەن (پ.ی.د. ئومێد عبدالقادر رسول) خوێنرایەوە و بڕوانامەی ڕێزلێنانیش بەخشرا بە ئەندامانی لێژنەکانی کۆنفرانس.