دیداری ڕۆژئاوا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ـی ١ـی ٢٠٢٦ لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بەشی وتارخوێنی و ڕاگەیاندنی ئایینی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆلێژی زانستە سیاسییەکان و کۆلێژی ئاداب، هەڵسا بەئەنجامدانی دیداری ڕۆژئاوا (ڕۆژئاڤا لە هاوکێشە گۆڕاوەکاندا لەنێوان ڕەسەنایەتی مێژوویی و ڕەوایەتی ئایینی وسیاسییدا) لە هۆڵی (کوێت) لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین (پ.د. کامەران یونس محمدامین) و ڕاگرانی هەرسێ کۆلێژی بەشداربوو و چەندین میوان و بەشێکی زۆر لە مامۆستایان وقوتابییان.

سەرەتای دیدارەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و سرودی نیشتمانی دەستیپێکرد، دواتر ڕاگری کۆلێژمان (پ.د. جمیل علی سورچی) وتەی سەرۆکایەتی زانکۆ وڕاگرایەتی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی پێشکەشکرد، کە تیایدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی چاڵاکیەکە، تیشکی خستە سەربابەتەکانی پەیوەست بە دیدارەکە.

دواتر چەند سیمینارێک لە چوارچێوەی پانێڵێکدا لەلایەن بەڕێزان: (د. رقیب سعید شرف) بەڕێوەبەری پانێڵ و پانێڵیستان: (پ.د. قادر محمد حسن/ کۆلێژی ئاداب/ ڕەهەندی ڕەسەنایەتی مێژوویی کورد لە سوریا وهەوڵەکانی لەوتاندنی) ، (پ.ی.د. جعفر نجم الدین گوانی/ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان/ بەلاڕێدابردنی گوتاری ئایینی بۆ هێرشکردنە سەر کوردانی ڕۆژئاوا) ، (پ.ی.د شەماڵ حسین مستەفا/ گێژاوە ئاڵۆزەکانی هاوکێشە هەرێمی ونێودەوڵەتییەکان وکاریگەرییان لەسەر دۆزی کورد) و(پ.ی.د. پەرویز رحیم قادر/ کورد وداهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا).

لە کۆتاییشدا و دوای وەرگرتنی سەرنج وپرسیارەکانی ئامادەبووان وەڵامدانەوەیان لەلایەن پانێڵیستەکانەوە، بڕوانامەی ڕێزلێنان وبەشداری لەلایەن سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەخشرا بە بەڕێوەبەری  پانێڵ و پانێڵیستەکان.